iOS Development appstore-review apple-developer

چارەسەری کێشەی دروستکردنی ئەکاونتی ئەپڵ دیڤێلۆپەر

2 min read

زۆر کەس کێشەی بۆ دروست دەبێت لە کاتی دروستکردنی ئەکاونتی ئەپڵ دیڤێلۆپەردا، لێرەدا باسی هۆکار و چارەسەرەکەی دەکەین.

کێشەی هەرە باوەکە چییە؟#

یەکێک لە کێشە یەکجار باوکەکان و بێزارکەرەکان لە کاتی پارەدان یان دروستکردنی ئەکاونتی ئەپڵ دیڤێلۆپەردا، جیاوازیی ‘ڕیجن’ـە. واتە جیاوازیی هەیە لە نێوان وڵاتی ئەپڵ ئایدییەکەت و ئەو کارتی بانکییەی بەکاری دەهێنیت.

زۆرجار ئەم حاڵەتانە ڕوودەدەن:

  • ڕیجنی ئەپڵ ئایدییەکەت لەسەر وڵاتێکە (بۆ نموونە عێراق)، بەڵام دەتەوێت ئەکاونتەکە لەسەر ئەمریکا دروست بکەیت.
  • یاخود ئەپڵ ئایدییەکەت ئەمریکییە، بەڵام کارتی بانکییەکەت عێراقییە.

ئەم تێکەڵکردنە وادەکات ئەپڵ ڕاستەوخۆ پارەدانەکەت ڕەت بکاتەوە.

چارەسەرەکە زۆر سادەیە#

بۆ ئەوەی بەبێ کێشە ئەکاونتەکەت بۆ دروست ببێت، پێویستە هەموو شتێک لەسەر هەمان وڵات بێت.

بۆ نموونە ئەگەر لە عێراقیت:

  • ئەپڵ ئایدییەکەت با عێراقی بێت.
  • ئەو کارتی بانکییەی بەکاری دەهێنیت بۆ پارەدان با کارتی عێراقی بێت.
  • لە کاتی داخڵکردنی زانیارییەکانی دیڤێلۆپەریشدا، زانیارییەکان لەسەر عێراق پڕ بکەرەوە.

تێبینییەکی گرنگ: بە هیچ شێوەیەک ڕیجنەکان تێکەڵ مەکە، ئەگەرنا بەدڵنیاییەوە پارەکەت لێ وەرناگیرێت و کێشەت بۆ دروست دەبێت. هەر کارتێکی بانکی بەکاردەهێنیت، دەبێت سەر بە هەمان وڵاتی ئەپڵ ئایدییەکەت بێت.

ناوی کەسی یان ناوی کۆمپانیا؟#

خاڵێکی تری زۆر گرنگ لە کاتی دروستکردنی ئەکاونتەکەدا ئەوەیە: بۆ ناوی یاسایی، بە هیچ شێوەیەک ناوی کۆمپانیا یان بزنسەکەت مەنووسە (مەگەر ئەوەی ئەکاونتەکەت وەک کۆمپانیا دروست بکەیت نەک وەک کەسی ئاسایی).

ئەگەر ناوی کۆمپانیا بنووسیت، ئەپڵ ڕاستەوخۆ داواکارییەکەت ڕەت دەکاتەوە لەبەر ئەوەی ناوەکەت لەگەڵ ناوی راستی یەک ناگرێتەوە.

کێشەت نابێت دوای ئەوەی ئەکاونتەکەت بە سەرکەوتوویی دروست بوو، دەتوانیت بۆ ئەو ناوەی کە لە ناو ئاپ ستۆر بۆ خەڵک دەردەکەوێت، هەر ناوێکی کۆمپانیا یان بزنسەکەت دابنێیت و کێشە نابێت. بەڵام بۆ ناوی یاسایی کاتی پێشکەشکردنەکە، دەبێت تەنها ناوی ڕاستەقینەی خۆت بێت.